بهبۆنهی جهژنی قوربانی پیرۆز، بهرێز مهسعود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان، پهیامێكی پێشكهش به گهلی كوردستان كرد. ئهمهی خوارهوه دهقی پهیامهكهیه:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و سەرجەم موسڵمانانی عێراق و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم كە بە خوێنی ڕۆڵەكانیان داری ئازادی و نیشتیمان پارێزراوە و پیرۆزبایی لە یەك بە یەكی هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاساییش دەكەم كە قارەمانانە بەرگری لە خاك و گەلی كوردستان دەكەن و بوونەتە سەنگەرێكی پۆڵایین بۆ بەرگریكردن لە هەموو مرۆڤایەتی. پیرۆزبایی لە حاجیانی كوردستان و ڕێبوارانی ماڵی خودا دەكەم و داواكارم لە خودای مەزن عیباداتیان قبوڵ بكات. هیوادارم ئەو جەژنە ببێتە مایەی تێكشكانی یەكجارەكیی تیرۆریستانی داعش و هەموو ئاوارەكان بگەڕێنەوە شار و ماڵەكانیان.
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
لەم بۆنە پیرۆزەدا بە پێویستم زانی جارێكی دیكە لەبارەی ئەو قەیرانە سیاسییە قسە بكەم كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە ئارادایە. لە كاتێكدا كە گەلەكەمان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لەبەردەم دەرفەت و هەڕەشەی گەورەدایە، هیچ پێویست نەبوو كە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پرسی سەرۆكایەتی بكرێت و كار بۆ قووڵتركردنی قەیران و تێكدانی ئاسوودەیی خەڵك بكرێت.
لەم پرسەدا ئەوەی لەسەر شانی من بووە ئەنجامم داوە. بەر لەوەی ماوەی یاسایی سەرۆكی هەرێم تەواو بێت داوای هەڵبژاردنم كرد و ئەركی یاسایی خۆم بە جێ گەیاند بەڵام هەڵبژاردن نەكرا. پێشتر چەندین جار داوام لە حزبەكان و پارلەمان كرد كە ئەم بابەتە یەكلایی بكەنەوە بەڵام دیسان ئەنجامی نەبووە. بە هیچ شێوەیەكیش داوام نەكردووە من لە پۆستەكەدا بمێنم. هەموو جۆرە بۆچوونێكیش ڕەت دەكەمەوە كە پێیان وایە من بەدیلم نییە.
لە درێژەكێشانی ئەو بارودۆخە زۆر نیگەرانم و خەڵكی كوردستانیش بێزار بووە و مافی خۆیانە گلەیی بكەن. بە تایبەت كە قەیرانی قووڵ بەرۆكی كوردستانی گرتووە، كێشەكان لەگەڵ بەغدا و قەیرانی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت و لێشاوی ئاوارەكان و لەسەرووی هەمووشیانەوە شەڕی تیرۆریستانی داعش، بۆیە دەكرا حزبەكان و پارلەمان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتانە بەشێوەیەكی گونجاوتر قسەیان لەسەر ئەو پرسە كردبا و، بەر لە 23ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دەرفەتی چارەسەركردنی گرفتەكانیش زۆر بوون.
سەبارەت بەم قەیرانە دوور لە هەموو جۆرە عاتیفە و كاردانەوەیەك داوا لە هەموو حزبەكان دەكەم ئەوانەی بەشداری پارلەمانن و هەموو ئەو حزبانەی مۆڵەتیان هەیە كە ئەگەر كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی لە ماوەیەكی كورتدا نەگەییشتە ئەنجامێك، كۆببنەوە و بە باشی بیر لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی واقعیانە بكەن كە قەیرانەكان قووڵتر نەبنەوە و بە تایبەتیش گرفت لە شەڕی دژی داعش دروست نەبێ. من زۆر بە باشی لە سەروەریی یاسا تێدەگەم و دەبێ زیاتر لە هەموو كەسێك ڕێز لە یاسا بگرم. داواكارم چیتر مانەوە و نەمانەوەی من تێكەڵی ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك و دەسەڵاتەكانی نەكرێت، چونكە دوو بابەتی لێك جیاوازن. پێشنیار دەكەم هەموو حزبەكان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە بەر لە 2017 دەسەڵاتەكان و میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك لە دەستووردا یەكلایی ببێتەوە و بڕیاری كۆتایی بۆ گەل بێت. بۆ ئەو ماوەیەش و بۆ سەرۆكایەتی چۆن بە باشی دەزانن با بڕیاری لەسەر بدەن. بڕیارەكە هەر چۆنێك بێت، چ بەردەوامبوونم بێت لەسەر ئەركەكانم هەتا هەڵبژاردن یان لەسەر بەڕێزێكی تر ڕێك بكەون بۆ ئەوەی ئەمانەتی سەرۆكایەتیی ڕادەست بكەم بۆ ئەوەی چیتر خەڵكی كوردستان بەم بابەتە سەرقاڵ و ماندوو نەكرێن.
ئێستایش كوردستان پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەكە كە زانایانە و بە ڕۆحێكی پێشمەرگانە كاری بۆ بكەین بە تایبەت كە لەم قۆناغە هەستیارەدا ئەگەری داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە هەیە. هیوادارم هەموو لایەك زۆر بە هوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو قۆناغەدا بكەن. خۆڕاگریی پێشمەرگە گەورەترین داستان و چیڕۆكی سەركەوتنی بۆ هەموو جیهان لە بەرانبەر تیرۆر تۆمار كردووە. خۆڕاگریی پێشمەرگە و گەلەكەمان سەربەرزییەكی مەزنی بە ئێمە بەخشیوە و دەرفەتی گەورەیشی بۆ ڕەخساندووین. پێشمەرگە لەسەر ئاستی جیهانیدا بووەتە سیمبۆلی بەرگریكردن لە بەهاكان و ئازادی و داعشیش سیمبوڵی تاوان و شەڕانگێزی و دەبێ حزبەكان لەو دەرفەتە بگەن و بۆ بەرژەوەندیی گەلەكەمان سوودی لێوەرگرن.
لێرەدا پێزانینێكی زۆرم بۆ خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و تەحەمولی كێشە و قەیرانەكانی ئەو ماوەیە هەیە. ڕاستە قەیران هەیە، بەڵام ئومێدیش هەیە و نابێ بێ هیوا بین. زۆر بە باشی لە داواكاری و بارودۆخی گەنجە خۆشەویستەكانی كوردستانیش دەگەم و مافی ڕەوای خۆیانە. بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا باوەشی نیشتیمان گەرمترە و وڵات شیرینترە. بینیمان بە سەدان گەنجی خوبەخش لە دەرەوەی وڵات هاتنەوە و هەموو خۆشییەكانیان جێهێشت و یارمەتیی برا پێشمەرگەكانیان دا و ئامادەی گیانفیدایی بوون بۆ وڵاتەكەیان. داوا لە گەنجە خۆشەویستەكان دەكەم لەجیاتی ئەوەی بیر لە جێهێشتنی وڵات بكەنەوە هیوایان بەهێز بێت، قەیرانەكان قووڵن بەڵام چارسەریشیان هەیە. دەبێ بە هەموو لایەك بیر لە نەهێشتنی هۆكاری كێشەكان بكەینەوە و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەركی حكوومەت و پارلەمان و حزبەكانە.
چاكسازیی پڕۆسەیەكی پێویستە و یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی زیندوویەتی كۆمەڵگە و سیستەم و پێشكەوتنی وڵات و، ئەو چاكسازییەی كە بەر لە چەند ساڵێك دەستمان پێكردبوو پێویستە كارا و فراوان بكرێت و دەبێ كاری جدیی و كردەیی بۆ بكرێت. ئەوەیش دووپات دەكەمەوە كە نابێ هیچ قەیرانێك ببێتە ڕێگر لەبەردەم مافەكانی گەلەكەمان و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی. ئەولەوییەتی سەرەكیی منیش مافی چارەنووسی خەڵكی كوردستان و نەهێشتنی مەترسیی داعشە لەسەر كوردستان.
خەڵكی خۆشەویستی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە هەر چەندە ئەم قۆناغە سەختە بەڵام پشت بە خوا و هیمەتی گەلەكەمان، بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێنن.
هیوای شادی و بەختەوەری بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەخوازم و جەژنتان پیرۆز بێت.
ئهمڕۆ چوارشهمه 18ـی 3ـی2015 لە سەلاحەدین بهڕێز مهسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی له جهنهڕاڵ سیمۆن مایهل نێردراوی تایبەتی بهریتانیا بۆ كاروباری ئاسایشی ههرێمی كوردستان و شاندێكی یاوهری كرد، كه له جهنهڕاڵ تۆم بێكت نێردراوی نوێی بریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش لە هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتی بهریتانیا له ههولێر و ژمارهیهك بهرپرسی سهربازیی سوپای بریتانیا پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا كه به بۆنهی كۆتایهاتنی ئهركی جهنهڕالمایهلو ناساندنی شوێنگرهوهكهی (جهنهڕاڵ تۆم بێكت) ساز درابوو، شاندی سەربازیی حكوومەتی بریتانیا پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپاتكردەوە و ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیشیان كرد لە سەرپەرشتیكردنی شەڕەكانی پێشمەرگە لەبەرانبەر تیرۆریستان و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرەخۆشیی خۆیشیان بۆ سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە ڕاگەیاند كە لەشەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە. شاندەكە ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە شەڕی ڕاستەقینە و كاریگەر هێزی پێشمەرگە كردوویەتی و دەستكەوت و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیش زۆر بەرچاو و دیارن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی جەنەڕاڵ مایەل و تیمە سەربازییەكانی بریتانیای كرد كە هەماهەنگیی زۆر باشیان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا هەبووە و ڕۆڵیان لە سەركەوتنەكاندا گێڕاوە. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ئەزموونی كاری هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان پێشانیدا كە بە هەماهەنگی و هاوكاریی لایەنەكان دەكرێ تیرۆریستانی داعش تێكبشكێندرێن. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا و شەڕی دژی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە ئەولەوییەتی سەرەكیی هەموو لایەك شەڕی داعش و ئازادكردنی موسڵ و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە بێت و بۆ چارەسەربوونی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش لایەنەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.
"مەسعود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی عەباس کەمەندی راگەیاند: بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی كورد عەباسی كەمەندی دڵگران بووم.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی عەباس کەمەندی هونەرمەندی ناسراوی کورد پرسەنامەیەکی هاوخەمی بۆ بنەماڵەکەی ئەم هونەرمەندە و هونەرمەندانی کوردستان راگەیاند و ئەمە دەقی پرسەنامەکەیە:
بۆ خانەوادەی هونەرمەندی ناسراوی كورد عەباسی كەمەندی
بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی كورد عەباسی كەمەندی دڵگران بووم. عەباسی كەمەندی لە بواری هونەری گورانی و ئاواز و وێنەكێشان و هونراوە و تێكستی شانۆیی ساڵانێكی زۆر خزمەتی مەزنی هونەر و كلتوری كوردی كردووە و جێدەستی لەو بوارەدا دیار و جێگای بایەخە.
لە دەستدانی ئەم هونەرمەندە، زیانێكی گەورەیە بۆ هونەری كوردی، سەرەخۆشی لە خانەوادەی خوالێخۆشبوو عەباسی كەمەندی و هونەرمەندانی كوردستان دەكەم و هاوبەشی خەمتانم.
لە خوای گەورە داواكارم خوالێخۆشبوو بخانە بەر دلۆڤانیی خۆی و ئارامی و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
مەسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
22ی 5ی2014
له نووسراوێكى فهرمیدا بۆ سهرۆكایهتیى ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان، مهسعوود بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان داوا له حكوومهتى ههرێم دهكات چاوهڕێى بهغدا نهكات و ڕێكاره كارگێڕییهكانى بهپارێزگاكردنى ههڵهبجه دهست پێبكات.
له نووسراوه فهرمییهكهدا كه دوێنێ چوارشهممه 5ى ئازارى 2014 ئیمزاى كردووه و ئهمڕۆ گهیشتووهته سهرۆكایهتیى ئهنجومهنى وهزیرانى ههرێمى كوردستان، مهسعوود بارزانى دهڵێ:
"بە پشتبەستن بە ڕای زۆرێك لە یاساناسان كە بابەتی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید دەكەوێتە بازنەی سەڵاحیاتی ئیداریی هەرێم و هەروەها نەبوونی ئیستیجابەی پێویست لە لایەن بەغدا بۆ بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، بۆیە بڕیارمان دا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات دەست بە ڕێوشوێنە ئیدارییەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی شەهید بكات بۆ ئەوەی داواكاریی خەڵكی قارەمانی ئەم دەڤەرە جێبەجێ بكرێت".
پێنج شەممە, 06 ئازار 2014
ڕۆژی چوارشەممە 22ـی 1ـی 2014 بهڕێز مهسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان و شاندی یاوەری گەییشتنە شاری داڤۆسی وڵاتی سویسڕا بە مەبەستی بەشداریكردنی لە كۆربەندی ئابووریی جیھانی ئەمساڵ و ھەر هەمان ڕۆژیش سەرۆك بارزانی چاوی بە مارك روت سەرۆك وەزیرانی ھۆلەندا كەوت.
لە دیدارێكدا كە بە یەكەم كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا لە پاش دیداری پارساڵی نێوانیان لە (25ی مانگی یەكی 2013) هەژمار دەكرێت هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان لەمەڕ پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوولا نیشاندا و بە تایبەتی ئاماژەش بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ھۆلەندا بۆ شاری ھەولێر لە سێپتەمبەری 2013 درا كە خۆی لە خۆیدا ڕووداێكی گرنگ بوو لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی هۆڵەندا.
لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە ھەرێمی كوردستان زۆر بە پەرۆشەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هۆڵەندا دەڕوانێت و دواڕۆژی ئەم پەیوەندییەش زۆر گەشە.
باسكردنی دۆخی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوون و سەرۆك وەزیرانی ھۆلەندا لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە ئاگادارین كە ژمارەی زۆری پەنابەرەكان بارێكی قورسە لە سەر ھەرێمی كوردستان". لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پێشوازیكردنی 250 ھەزار پەنابەرانی سوریا ھەم ئەركێكی مرۆڤی و ھەم ئەركێكی نەتەوەییە، حكوومەت و خەڵكی ھەرێمی كوردستان لە یارمەتیدانی ئەم پەنابەرانە درێغی ناكەن. ھەروەها ھیوای خواست كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر بە ھانای ئەو پەنابەرانە بێت.
تەوەرەكی دیكەی ئەم كۆبونەوە تایبەت بوو بە پەیوەندیاكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، و لەمبارەیەوە سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ئێستا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ڕێگەی دیالۆگ ھەیە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی عێراق لە نیسانی ئەمسال و ئاڵۆزییەكانی پارێزگاری ئەنبار دژایەتیكردنی تیرۆر خرانە بەر باس و گفتوگۆ.